ئیمانوێل کانت فەیلەسوفێکی ناوداری سەدەی ١٨ـەیە کە بیرۆکەکانی کاریگەرییەکی بەرچاو و قووڵی لەسەر بیرکردنەوەی ئێمە لەمەڕ ئاکار (مۆڕاڵ) و زانین (مەعریفە) و سروشتی مرۆڤ هەبووە. فەلسەفەی کانت بە ئاڵۆزییەکەی ناسراوە، بەڵام هەوڵدەدەم لەم وتارەدا سەرەکیترین بیرۆکەکانی کانت بە زمانێکی سادە بخەمەڕوو بۆ ئەوەی تێگەیشتن لێیان ئاسان بێت.

١. ئەرک و ئاکار
کانت بڕوای وابوو کە هەموو ئاکار بریتییە لەوەی کە دەیکەین. پێی وابوو کە ئێمە هەردەم دەبێت کارە ڕاستەکە بکەین نەک لەبەر ئەوەی دەرەنجامێکی باشی دەبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕاستە. ناوی لەم بیرۆکەیە نابوو “ئەرک لەپێناو ئەرک”. کەواتە ئەگەر درۆکردن هەڵە بێت، نابێت درۆ بکەین تەنانەت ئەگەر بارودۆخەکەش باشتر بکات.

٢. پۆلبەندی سەرەکی (Categorical Imperative)
بنەمایەکی تر کە کانت ناساندی؛ بریتییە لە پۆلبەندی سەرەکی. ئەمە وەکو یاسایەکی گشتگیری ئاکارییە کە دەخوازێت هەموو کەسێک پێوەی پابەند بێت.هەروەها دەشڵێت بۆ ئەوەی بزانین کە کارێک ئاکارییانە دروستە یان نا، پێویستە لە خۆمان بپرسین و دڵنیا بین کە ئەگەر هەر کەس ئەم کارە بکات، هیچ زیانێکی نابێت. بۆ نموونە ئەگەر درۆکردن بەشێوەیەکی گشتی پەسندکرابا، متمانە تێکدەشکا، کەواتە ئەمە لە پۆلبەندی سەرەکیدا جێگەی نابێتەوە.

٣. سەربەخۆیی
کانت بڕوای وابوو کە مرۆڤ توانای بیرکردنەوەیەکی ژیرانە و  بڕیاردانی ئاکارییانەی هەیە. بەم توانایەی دەگوت سەربەخۆیی. بەپێی کانت، پێویستە هەڵبژاردنە ئاکارییەکانمان لەسەر بنچینەی هۆکارەکانی خۆمان بێت، نەک کوێرانە شوێن کۆمەڵێک یاسا بکەوین کە خەڵکی تر دایناون.

٤. ویستی چاک
کانت بڕوای وابوو تاکە شتێک کە بەڕاستی بەبێ هیچ سەلماندنێک باشە؛ ویستی چاکەیە. واتا هەبوونی نیاز بۆ ئەنجامدانی کاری چاک. ئەگەر کردارەکانیشت دەرەنجامێ باشیان نەبێت بەڵام نیازت باش بووبێت، کانت لە ڕووی ئاکارییەوە بە کەسێکی باشی دادەنای.

٥. وەکو ئامانج مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکە نەک ئامراز
کانت جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تردا بکەین و هەرگیز بۆ بەرژەوەندی خۆمان بەکاریان نەهێنین. ئەم بیرۆکەیە لەم بنەمایەدا کورتکراوەتەوە، “وەک ئامانج مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا بکە نەک وەک ئامراز”. بە واتایەکی تر نابێت هەرگیز دەستکاری مرۆڤ بکرێت یان بەکاربهێنرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆمان.

٦. عەقڵانییەت و زانین
هەروەها کانت بەشدارییەکی بەرچاوی لە فەلسەفەی زانیندا کردووە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە زانیارییەکانمان لەسەر بنەمای عەقڵانییەتی ئێمە و چۆنیەتی پێکهاتەکردنی ئەزموونەکانمانە. ئەو پێی وابوو کە ئێمە لە مێشکماندا پۆلێن و چەمکی زگماکیمان هەیە کە یارمەتیدەرمانە لە تێگەیشتن لە جیهان.

بە زمانێک سادە، سەرەکیترین بیرۆکەکانی ئیمانوێل کانت لە دەوری گرنگی ئەرک و عەقڵانییەت و ئاکار دەسوڕێنەوە. داوای دەکرد بەپێی  بنەما عەقڵانی و ئاکارییەکانی خۆمان هەڵسوکەوت بکەین و، بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تردا بکەین. هەروەها ڕێسا ئاکارییە گشتگیرەکان پەیڕەو بکەین. هەڵبەتە دەکرێت فەلسەفەکەی کانت تەواو ئاڵۆز بێت، بەڵام ئەم چەمکە سەرەکییانە تێگەیشتنێکی بنەڕەتی لە بیرۆکە قووڵەکانی کانت دابین دەکەن.

بە هیوای سوود.


Aga Ismael Abdalla

Aga Ismael Abdalla

0 Comments

Leave a Reply

Avatar placeholder

Your email address will not be published. Required fields are marked *