بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بریتییە لە ئامانجێکی جیهانی پەسندکراوی پەروەردەیی. پێناسەکەی مشتومڕی لەسەر کراوە، بەڵام ئەم جۆرە پێناسانەی کە مشتومڕیان لەسەرە، دەکرێت هەر پێناسەیەک وەکو تێگەیشتنێکی جیاواز لە هەمان چەمکە بنچینەییەکانی بابەتەکە لێکبدەینەوە، وەکو بیرکردنەوەیەکی وریاییانە بە ئاڕاستەی ئامانجێک. چەمکە جیاوازەکانی پەیوەند بە ئەم جۆرە بیرکردنەوە، و جۆری ئامانج، و پێوەرەکان و ڕەفتارەکان بۆ بیرکردنەوە بە وریاییەوە، و پێکهێنەرە بنچینەییەکانی کە سەرنجی دەخەنە سەر. پەسندکردنی وەکو ئامانجێکی پەروەردەیی لەسەر بنەماکانی خۆبەڕێوەبەری فێرخواز و ئامادەکردنی فێرخواز بۆ سەرکەوتن لە ژیان و هاوڵاتیبوونێکی دیمۆکراسی پێشنیار کراوە. ئەو کەسانەی کە بەشێوەی “ڕەخنەگرانە بیردەکەنەوە” کۆمەڵێک توانا و تایبەتمەندییان هەیە کە ڕێنوێنییان دەکات بە شێوەیەکی ورد لە کاتی پێویستدا بیر دەکەنەوە. تواناکان دەکرێن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بناسێندرێن؛ و تایبەتمەندییەکان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، ئەمەش بە لەبەر چاوگرتنی ئەو فاکتەرانەی کە بەشداری لە ڕاهێنانی تواناکاندا دەکەن یان ئەو فاکتەرانەی کە ڕاهێنانەکان دوا دەخەن. کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی ستاندارد ئامادەکراون کە هەڵسەنگاندن بۆ کەسێک دەکەن کە ئاخۆ ئەم کەسە توانا و تایبەتمەندی هەیە کە بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە بیر بکاتەوە یان نا. دەستێوەردانە پەروەردەییەکان بەشێوەیەکی ئەزمونی نیشاندراون بۆ باشترکردنیان، بەتایبەتی کاتێک دیالۆگ و چاودێریکردن و ڕێنمایی لەنگەرکراو -شێوەیەکە کە خوێندکار وەبەرهێنان لە خوێندنەکەیدا دەکات – لەخۆ دەگرێت. زۆر مشتومڕ و قسەوباس لەسەر گشتاندنییەتی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە نێو بوارەکاندا کراوە. زیاتر لەمە، باسی لایەنگری بانگەشەبۆکراوی تیۆرەکان و ڕێنمایی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و پەیوەندی نێوان جۆرەکانی تری بیرکردنەوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە کراوە.
مێژوو
بەکارهێنانی چەمکی “بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە – Critical Thinking” بۆ فرۆزە کردنی ئامانجێکی پەروەردەیی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩١٠) کە لەلایەن فەیلەسوفی ئەمریکی جۆن دیوی بەکار هاتووە، کە زیاتر بە “بیرکردنەوەی قوڵ – Reflective Thinking” ناوی دەهێنا. جۆن بەم شێوەیەی لای خوارەوە، پێناسەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی کردووە:
بیرکردنەوەیەکی چالاکی، درێژی و وریاییانەیە دەربارەی هەر باوەڕێک یان هەر فۆڕمێکی زانیاری لە ژێر ڕۆشنایی پاڵنەرەکانییەوە، و ئەنجامەکانی دواترە کە دێنەدی.
(Dewey 1910: 6; 1933: 9)
دیوی ڕەوشتێکی لەم شێوە بیرکردنەوەیەی بە ڕەفتارێکی زانستی مێشک ناساند. وتە دورودرێژەکانی فرانسس بەیکن و جۆن لۆک و جۆن ستۆرت میڵ دەریدەخەن کە دیوی یەکەم کەس نەبووە کە پێشنیاری پەرەپێدانی هەڵوێستی زانستیی عەقڵ بکات وەک ئامانجێکی پەروەردەیی.
لە ساڵی ١٩٣٠ییەکاندا، زۆرینەی خوێندنگەکان کە بەشداریان لە توێژینەوەی هەشت ساڵەی کۆمەڵەی پەروەردەی پێشکەوتنخوازدا – Eight-Year Study of the Progressive Education Association (Aikin 1942) کرد، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیان وەکو ئامانجێکی پەروەردەیی پەسند کرد، بۆ ئەم دەستکەوتەش، ستافی پەرەپێدانی توێژینەوەکە پەرەیان بە تاقیکردنەوەکان دا (Smith, Tyler, & Evaluation Staff 1942). Glaser (1941) دەریخستووە کە ئەزموونیانە دەکرا گەشە بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی خوێندکارانی قۆناغی ئامادەیی بدرێت. بلووم تواناکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی لە پۆلێنناسییە کاریگەرەکەیدا بۆ ئامانجە پەروەردە مەعریفییەکان بەکارهێنا (Bloom et al. 1956). ئینیس (1962) پێشنیاری 12 لایەنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کرد وەک بنەمایەک بۆ توێژینەوە لەسەر فێرکردن و هەڵسەنگاندنی توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی.
لە ساڵی ١٩٨٠وە، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی ساڵانە لە کالیفۆرنیا سەبارەت بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ڕیفۆرمی پەروەردەیی، سەرنجی دەیان هەزاران پەروەردەکاری لە هەموو ئاست و ناوچە جیاوازەکانی دنیاوە ڕاکێشاوە. هەروەها لە ساڵی ١٩٨٠وە، سیستەمی زانکۆی دەوڵەت لە کالیفۆرنیا هەموو فێرخوازانی زانکۆی ناچار کردووە کە کۆرسێکی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە وەربگرن. ئێستا دەسەڵاتی پەروەردەیی لە هەموو جیهاندا بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەکاردەهێنێت لە دانانی ڕێنماییەکانی پرۆگرامی خوێندن و هەڵسەنگاندن. سەرکردە سیاسی و بازرگانییەکان بە گرنگییەوە دەڕواننە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە.
بۆ زانیاری زیاتر و وردتر سەبارەت مێژووەکەی، ئەم بابەتە ببینە: Supplement on History
نموونەکان و نانموونەکان
پێش ئەوەی بیر لە پێناسەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بکەینەوە، هەبوونی هەندێک نموونە یارمەتیدەر دەبێت، و هەروەها هەندێک نموونەی جۆرەکانیتری بیرکردنەوە، کە دیارە، سەر بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە نین.
سێ نموونە سەرەکییەکەی دیۆوی
دیۆوی (1910: 68–71; 1933: 91–94) وەکو نموونەیەکی ستانداردی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، وتاری خوێندکارانی سێ پۆل وەردەگرێت کە تێیاندا فرۆزەی بیرکردنەوەیان دەکەن. جۆری بابەتی وتارەکان جیاوازن، لە بابەتی ڕۆژانەوە تێیاندایە تاکو بابەتی زانستی.
Transit: “ئەو ڕۆژەی تر، کە لە شەقامی شازدەیەمی ناوەندی شار بووم، کاتژمێرێک کەوتە بەر چاوم. بینیم کە کات ١٢:٢٠ خولەک بوو. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە من لە شەقامی ١٢٤ەم، کاتژمێر ١، ئاهەنگی دەزگیرانداریم هەبوو. لەبەرئەوەی بە ئۆتۆمبێل یەک کاتژمێرم پێویست بوو بۆ ئەوەی بگەم بە ئێرە، بۆیە لەوانەی ٢٠ خولەک درەنگ بکەوم ئەگەر بە هەمان شێوە بگەڕێمەوە. لەوانەیە ئەو ٢٠ خولەکە بگەڕێنمەوە ئەگەر بە میترۆ (شەمەندەفەری ژێرزەمینی) بگەڕێمەوە. بەڵام ئایە هیچ وێستگەیەکی لێ بوو؟ ئەگەر نەبێت، لەوانەیە زیاتر لەو ٢٠ خولەکە دوا بکەوم بە گەڕان بەدوای وێستگەیەکدا. دواتر بیرم لە بەرزکردنەوە کردەوە، و بینیم هێڵێکی وا لە دوو بلۆکدا هەیە. بەڵام وێستەگەکە لە کوێ بوو؟ ئەگەر چەند بلۆکێک لەسەر یان لە ژێر شەقامەکە با، هەر زیاتر دوا دەکەوتم لەبری گەڕاندنەوەی کات. مێشکم چۆوە لای میترۆ وەکو ڕێگەیەکی خێراتر لە بەرزکردنەوە، هەروەها بیریشم کەوتەوە کە سەبوەی نزیکتر دەبێتەوە لەو بەشەی شەقامی ١٢٤ەم کە دەمویست بۆی بچم وەک لە بەرزکردنەوە، بۆیە لە کۆتایی گەشتەکەدا دەکرێت ئەو کاتە بگەڕێندرێتەوە. لەبەر بەرژەوەندی خۆم، بە میترۆ گەڕامەوە و بۆ کاتژمێر ١ گەیشتم.” ( دیۆوی 1910: 68-69; 1933: 91-92)
بۆ دوو نموونەکەی تر، کرتە بکە.
نموونەکانی تری دیۆوی
دیۆوی (١٩١٠، ١٩٣٣) هەندێک نموونەی تری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی خستۆتە ناو پەرتوکەکەیەوە، کە ئەمانەی خوارەوەن.
Weather: پیاوێک کاتێک پیاسە دەکات، دەبینێت کە لەناکاو دنیا سارد دەبێت، پێیوایە لەوانەیە باران ببارێت، سەیری ئاسمان دەکات و دەبینێت کە هەوری ڕەش بەر خۆریان گرتووە، و هەنگاوەکانی خێرا دەکات (1910: 6–10; 1933: 9–13).
بۆ نموونەکانی تر، کرتە بکە.
سەرچاوە: ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفەی ستانفۆرد
0 Comments