وەکو نەخشێنەرێکی UX، دڵنیام چەندین جار پرسیارت لێکراوە کە “تۆ چ پڕۆسەیەک یان چ شێوازێک پەیڕەو دەکەیت کاتێک ئەپێک یان وێبسایتێک دەنەخشێنیت؟” جا هۆکاری بڵاوی ئەم پرسیارە سادەیەش دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی و بەهای نەخشاندنی UX.

بەبێ هەبوونی پڕۆسەیەکی نەخشاندنی ئەزموونی بەکارهێنەر (UX)، هەلێکی کەمترت لەبەردەمە بۆ دروستکردنی بەرهەمێک کە نەخشاندنێکی باشی UXی هەبێت.

لەم وتارەدا، پڕۆسەیەکی گشتی ux و ڕیزبەندییەکی ئاسایی بۆ قۆناغە جیاوازەکانی ux و ئەو ڕێگەیانەی کە لە هەر قۆناغێکدا بەکاریان دەهێنین باس دەکەین.

پڕۆسەی UX چۆنە؟

وەڵامێکی جێگیر بۆ ئەم پرسیارە نییە، بەڵام دەتوانین بڵێین بە پێی پڕۆژە دەگۆڕێت. پڕۆسەکە پەیوەستە بەو پرۆژەیەی دەینەخشێنیت. پڕۆژەی جیاواز، پرۆسەی جیاوازی UXی پێویستە، بۆ نموونە ئەو ڕێبازەی کە لە نەخشاندنی وێبسایتێکدا بەکاری دەهێنیت، جیاوازە لەو ڕێبازەی لە نەخشاندنی ئەپێکی فێربووندا بەکاری دەهێنیت.

زۆرینەی نەخشێنەرەکان ئاشنان بە بنەمای “design thinking” وەکو پڕۆسەیەکی UX. ئەم پڕۆسەیە لە پێنج قۆناغ پێکدێت کە بریتین لە: دڵنیاکردنەوە، پێناسەکردن، وێناکردن، نموونەی سەرەتایی، و تاقیکردنەوە. زۆرینەی پڕۆسەکانی دیزاین، لەم بنەمایەوە سەرچاوەیان گرتووە.

سەرچاوەی وێنە Hasso Plattner Institute of Design.

جا ئەگەر design thinking لە نەخشاندنی بەرهەمێکدا بەکاربهێنین، ئەوا پڕۆسەیەکی UXمان دەست دەکەوێت کە لە پێنج قۆناغ پێکدێت:

  • پێناسی بەرهەم (Product definition)
  • توێژینەوە (Research)
  • شیکاری (Analysis)
  • نەخشاندن (Design)
  • دڵنیاکردنەوە (Validation)
سەرچاوەی وێنە: Nick Babich.

١. پێناسی بەرهەم

لە ڕاستیدا یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی نەخشاندنی UX تەواو بووە پێش ئەوەی تیمی بەرهەم هیچ شتێک دروست بکەن. پێش ئەوەی بەرهەمێک دروست بکەیت، پێویستە تێبگەیت کە ناوەڕۆکی ئەم پڕۆژەیە چییە. لەم قۆناغەدا، بناغەی کۆتا بڕیار دادەنرێت. لەماوەی ئەم قۆناغەدا، نەخشێنەرانی UX بە شێوەیەکی چڕ و پڕ لە ئاستی باڵا بیر لە بەرهەمەکە دەکەنەوە.

ئەم قۆناغە پێکدێت لە:

  • دیمانە لەگەڵ خاوەن پڕۆژە (Stakeholder interview): ئەمە کلیلێکە بۆ زانینی بیرۆکە و پلانە بازرگانییەکانی خاوەن پڕۆژە.
  • نەخشەسازی پلان و بیرۆکەی بەها (Value proposition mapping): بیرکردنەوە لە بەشە سەرەکییەکان و بیرۆکە و پلانە بەهاییەکانی بەرهەمەکە کە بریتین لە: بەرهەم چییە، کێ بەکاری دەهێنێت، و بۆچی بەکاری دەهێنن.
  • داڕشتنی چەمک (Concept sketching): دروستکردنی مۆدێلێکی (نموونەیەکی) پێشوەختەی بەرهەم.

ئەم قۆناغە بە کۆبوونەوەیەکی دەستکردن بە پرۆژەکە کۆتایی دێت. کۆبوونەوەی دەستپێکردن هەموو یاریکەرە سەرەکییەکان کۆدەکاتەوە، بۆ ئەوەی بەیەکەوە پێشبینی گونجاو بۆ هەریەک لە تیم و خاوەنپڕۆژەکە دابنێن. ئەم کۆبوونەوەیە بابەتی گرنگی تێدا باس دەکرێت، وەکو پەیکەری تیم (کێ نەخشاندن دەکات و کێ گەشەپێدان دەکات)، ڕێگەکانی پەیوەندی لەگەڵ یەکتر، و پیشبینییەکانی خاوەن پڕۆژە چین و چۆن بتوانێت ئاگاداری پڕۆسەی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکەی بێت.

٢. توێژینەوەی بەرهەم

کاتێک کە پێناسی بەرهەمەکت کرد، تیمی بەرهەم دەچێتە قۆناغی توێژنەوە. ئەم قۆناغە هەر یەک لە توێژەینەوەی بەکارهێنەر و توێژینەوەی بازاڕ دەگرێتەوە. نەخشێنەرانی ئەزمووندار، وەکو وەبەرهێنانێکی باش بیر لە توێژینەوە دەکەنەوە. توێژینەوەیەکی باش بڕیاری باشی لێوە پەیدا دەبێت و کاتێکی زۆریش لە کۆتاییدا دەگەڕێنێتەوە.

قۆناغی توێژینەوەی بەرهەم دەوەستێتە سەر ئاڵۆزی بەرهەمەکە، کات و سەرچاوە بەردەستەکان و چەندین فاکتەری تر. دەکرێت ئەم قۆناغە پێکبێت لە:

  • دیمانەی وردی کەسی (Individual in-depth interviews (IDI)): ئەزموونێکی مەزنی بەرهەمێک لەگەڵ تێگەیشتن لە بەکار‌هێنەرانەوە دەست پێ دەکات. ئەم جۆرە دیمانەیە داتای چۆنییەتی دەرباری کەسانی ئامانج دابین دەکات، بۆنموونە پێداویستییەکانیان چین، چیان دەوێت، ترسیان لە چییە، پاڵنەرەکانیان چین و ڕەفتاریان چۆنە.
  • توێژینەوەی پێشپڕکێدار (Competitive research): توێژینەوە یارمەتی نەخشێنەرانی UX دەدات کە لە ستانداردەکانی بازاڕ تێبگەن و ئەو هەلانە دیاری بکەن کە بۆ بەرهەمەکە لە شوێنە تایبەتەکەی خۆیدا بەردەستە.

٣. شیکاری

ئامانجی قۆناغی شیکاری بریتییە لە هەڵهێنجانی زانیاری ورد و دروست لەو داتایەی کە لە ماوەی قۆناغی توێژینەوەدا کۆدەکرێتەوە. لە قۆناغی پێشوودا، باسمان کرد کە دەبێت بزانین بەکارهێنەر چی دەوێت، بیر لە چی دەکاتەوە، و چی پێویستە، بەڵام لە قۆناغەدا دەڵێین بۆچی دەیەوێت، بۆچی وا بیر دەکاتەوە، بۆچی پێویستییەتی. لەم قۆناغەدا، نەخشێنەران، پشتڕاستی گرنگترین تێگەیشتنەکانی تیمی بەرهەم دەکەنەوە کە ڕاست و دروستن.

ئەم قۆناغەی پڕۆسەی UX، پێک دێت لە:

  • دروستکردنی کەسایەتی بەکارهێنەر (Creating user personas): کەسایەتییەکان کەسایەتی خەیاڵێن کە نوێنەرایەتی جۆری جیاوازی بەکارهێنەرانی بەرهەمەکەت دەکەن.
نموونەیەکی کەسایەتی بەکارهێنەر کە ڕەگەز و تەمەن و خولیا و هتد پشان دەدات. سەرچاوەی وێنە: Xtensio.
  • دروستکردنی چیرۆکی بەکارهێنەر (Creating user stories): چیرۆکی بەکارهێنەر ئامرازێکە کە یارمەتی نەخشێنەران دەدات لە دیدی بەکارهێنەوە لە بەرکەوتنەکانی بەرهەم لەگەڵ بەکارهێنەر تێبگەن. هەمیشە بەم شێوەیە ئامادە دەکرێت: من وەکو [بەکارهێنەرێک] دەمەوێت [ئامانجێک بۆ پێکان].
  • زنجیرە پشاندانی چیرۆک بە وێنە (Story-boarding): ستۆری-بۆردین ئامرازێکە کە یارمەتی نەخشێنەران دەدات کەسایەتی و چیرۆکەکان بەیەکەوە ببەستنەوە. هەر وەکو لە ناوەکەیەوە دیارە، بریتییە لە پشاندانی چیرۆکێک دەربارەی بەرکەوتەکانی بەکارهێنەر لەگەڵ بەرهەم.

٤. نەخشاندن

کاتێک ویستەکان، پێویستییەکان و پیشبینییەکانی بەکارهێنەرانی بەرهەم ڕون بوون، نەخشێنەرانی بەرهەم دەچنە قۆناغی نەخشاندنەوە. لەم هەنگاوەدا، تیمی بەرهەم؛ کاری جیاواز و جۆراوجۆر دەکەن، هەر لە دروستکردنی نەخشەی زانیارییەکان تا نەخشاندنی ڕاستی UI. ئەم قۆناغە بۆ ئەوەی قۆناغێکی دروست و کاریگەر بێت، پێویستی بە بەشداری هەموو ئەوانەیە کە لەسەر بەرهەمەکە کار دەکەن.

ئەم قۆناغە پێك دێت لە:

  • هێڵکاری (Sketching): هێڵکاری ئاسانترین و خێراترین ڕێگەیە بۆ پشاندانی بیرۆکەکان. دەتوانی پارچە پەڕێک و قەڵەمێک یان ئامێرێکی دیجیتاڵی بەکاربهێنیت. کاتێک چەند نەخشاندنێکی جیاواز دەکەیت، ئەمە زۆر یارمەتی تیمی بەرهەم دەدات کە لە بیرۆکەکان تێبگەن و بزانن کە کام نەخشاندنە پێویستە هەڵبژێرن.
  • دروستکردنی چوارچێوە هێڵییەکان (Creating wire-frames): چوارچێوە هێڵییەکان ئامرازێکە کە یارمەتی نەخشێنەران دەدات لە بیرۆکە و شێوە سەرەتاییەکەی هەر پەڕەیەک تێبگەن، بە بەشە سەرەتاییەکان و چۆنیەتی لەگەڵ یەکتر گونجانیشیانەوە. چوارچێوە هێڵییەکان وەکو بڕبڕەی بەرهەمەکە وایە کە نەخشێنەران وەکو بناغەی نموونەی تەواو (mock-up) بەکاری دەهێنن.
  • دروستکردنی نموونەئ سەرەتایی (Creating prototypes): لە کاتێکدا کە چوارچێوە هێڵییەکان بە شێوەیەکی گشتی دەرخەری شێوەی بەرهەم و پشاندانی شێوازی دەرکەوتنی بەرهەمە، نموونە سەرەتاییەکان برتین لە ئەمزوونێکی راستی بەریەککەوتن. دەکرێت بەش و ئامرازەکانی ناو نموونەیەکی سەرەتایی، کرتەیان لەسەر بکرێت یان لە پشتەوە کۆدیان بۆ نووسرابێت بۆ پشاندانی وێنەیەکی راستیتری بەرهەمەکە.
بە Adobe XD دەتوانیت هەر نەموونەیەکی تەواو بکەیتە نموونەیەکی سەرەتایی بە دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان شاشەکان. سەرچاوەی وێنە: Adobe XD.
  • دروستکردنی وردەکاری نەخشاندێک (Creating a design specification): نەخشاندی وردەکارییەکانی هەموو ئەو پارچە پێویستانە دەگرێتەوە کە گەشەپێدەر پێویستی دەبێت بۆ ئەوەی نموونە سەرەتاییەکان بکات بە ڕاستی.
  • دروستکردنی سیستەمەکانی نەخشاندن (Creating design systems): بۆ پڕۆژەی گەورە، نەخشێنەران هەڵدەستن بە دروستکردنی سیستەمێکی کۆمپۆنێنتەکان و پاتێرنەکان و ستایلەکان کە یارمەتی هەر یەک لە نەخشێنەر و گەشەپێدەر دەدات لەسەر هەمان ڕێگەی بەرهەم بڕۆن و توشی جیاوازی و هەڵە تێگەیشن نەبن.

٥. دڵنیاکردنەوە (تاقیکردنەوە)

دڵنیاکردنەوە هەنگاوێکی سەرەکەییە لە پڕۆسەی نەخشاندندا چونکە یارمەتی تیمەکان دەدات کە تێبگەن ئایا ئەو نەخشاندنە سوودی دەبێت یان نا. زۆربەی کات، ئەم قۆناغە کاتێک دەست پێدەکات کە نەخشاندن لە ئاستێکی باڵا ئامادەیە. لە ماوەی تاقیکردنەوەی بەرهەم لەلایەن بەکارهێنەرانەوە، تیمی بەرهەم پشتڕاستی هەر بەشێک دەکاتەوە کە دروستە یان نا و شیاوی کار لەسەر کردنە؛ لەگەڵ خاوەن پڕۆژە و بەکارهێنەر.

دەکرێت ئەم قۆناغە پێكبێت لەم بەشانەی خوارەوە:

  • کاتك کە تیمی نەخشاندن گەیشتنە ئەو قۆناغەی کە نەخشاندنەکە ئامادەیە بۆ پشاندان، دەست بە تاقیکردنەوە دەکەن. ئەندامانی تیم دەبێت بە شێوەیەکی ورد و تەواو، بەرهەمەکە تاقیبکەنەوە بۆ ئەوەی سەرجەم کیشە و کەموکوڕییەکانی بەرهەم دەربکەوێت.
  • سێشنەکانی تاقیکردنەوە (Testing sessions): تێستکردنی بەرهەمەکەت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە نوێنەرایەتی بەکارهێنەرانت یان لەگەڵ بەکارهێنەرە ڕاستەقینەکانت زۆر گرنگە، چونکە لەوانەیە بیرۆکەی تازە و کاریگەر و دروستت پێ بدەن. چەندین شێوەی جیاوازی تاقیکردنەوە هەن، بۆ نموونە: moderated/unmoderated usability testing, focus groups, beta testing, and A/B testing.
  • ڕاپرسی: ڕاپرسی ئامرازێکی ناوازەیە بۆ دەستخستنی زانیارییە چەندییەتی و چۆنییەتیەەکان لە بەکارهێنەری راستەقینە. بۆ نموونە دەکرێت بپرسیت “چ بەشێکی بەرهەمەکەت بە دڵ نییە؟” ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە دەستخستنی بۆچونی ئەوان دەربارەی تایبەتمەندییەکانی بەرهەمەکە.
  • لێکۆڵینەوە: داتا چۆنییەتییەکان (کرتەکان، کاتی ناڤیگەیشن، گەڕانەکان و هتد.) زۆر یارمەتیدەر دەبن لە تێگەیشتنی بەرکەوتەی بەکارهێنەر لەگەڵ بەرهەم.

چۆنییەتی بەرەوپیشبردنی پڕۆسەی نەخشاندنی UX

ئێستا کە تۆ لە هەموو قۆناغەکانی پڕۆسەکە تێگەیشتوویت، و دەزانیت کە چۆن پەیوەستن بە یەکترەوە، کاتی ئەوەیە هەندێک تێبینی بدەین سەبارەت بە بەرەوپێشەوەچوونی پڕۆسەی UX.

نەخشاندنی UX بریتینییە لە پڕۆسەیەکی تەنها پێشچوون، بەڵکو پڕۆسەیەکی دوبارە بووەوەیە. قۆناغەکانی پڕۆسەکە پڕییەتی لە چونە پیش و گەڕانەوە. توێژینەوە و نەخشاندن وەکو نموونەیەک ببینە کە: وەکو نەخشێنەرێکی UX زیاتر دەرباری کێشەکان و بەکارهێنەران فیردەبێت، یانیش هەندێک جار پێویست دەکات بە بڕیارەکانی نەخشاندندا بچێتەوە وگۆڕانکارییان تێدا بکات. زۆر گرنگە کە تێبگەیت کە هیچ کات نەخشاندنەکانت بێ کێشە و تەواو نابن، بۆیە کات بدە بە خۆت بۆ توێژینەوە لە پێویستییەکانی بەکارهێنەرانی بەرهەم.

پوختە

کاتێک دێیتە سەر پڕۆسەی نەخشاندنی UX، هیچ چارەسەرێک نییە کە بۆ هەموو کێشەکان دەست بدات. بەڵام گرنگ نییە کە چ پڕۆسەیەک پەیڕەو دەکەیت، ئامانجی هەر پڕۆسەیەکی نەخشاندن هەر هەمان شتە. هەمیشە باشترین بەکار بهێنە و باشترین ئەنجام بدە و لەگەڵ گەشەی بەرهەم، گەشە بە پڕۆسەی UXیش بدە.

سەرچاوە: ئەدۆبی


Aga Ismael Abdalla

Aga Ismael Abdalla

0 Comments

Leave a Reply

Avatar placeholder

Your email address will not be published. Required fields are marked *