ئەگەر تا ئێستاش هەر لە مێشکتدا وەرگێڕان دەکەت و بێزاریت لێی!
ئەگەر کێشەت هەیە لە فێربوونی ئینگلیزی بەخێرایی یان ناتوانیت بە خێرایی قسە بکەیت وەکو قسەکەرێکی ڕەسەن، ئەوا پێویستە بە ئینگلیزی بیر بکەیتەوە!
بیر نەکردنەوە بە ئینگلیزی یەکێکە لە کێشە گەورەکان لە فێڕبوونی ئینگلیزیدا، هەتا ئەگەر ئاستی زمانەکەشت زۆر سەرەتاییە و تەنها چەند وشەیەک دەزانیت، ئەوا مەڵێ زووە بۆ ئەم تەکنیکە و دەستی پێ بکە!!
بەڵام لەوانەیە بپرسیت کە “بیرکردنەوە بە ئینگلیزی”چییە؟
ئەگەر بە کورتی پێناسەی بکەم، دەڵێم “بیرکردنەوە بە ئینگلیزی” واتا مێشکت وا ڕابهێنیت کە وەکو ئینگلیزێک هەڵسوکەوت بکات.
سودەکانی بیرکردنەوە بە ئینگلیزی:
١. بە ئاسانی دەتوانیت وەکو ئینگلیزێک گفتوگۆ بکەیت.
٢. هەر چییەک کە مەبەستت بێت دەتوانیت بە ڕێکی بیڵێیت نەک کۆمەڵێک شت کە لە مەبەستی تۆوە نزیکە!
٣. خاڵێکی زۆر گرنگ: متمانەت بە خۆت زیاد دەکات.
چەندین هەنگاوێک هەیە بۆ بیرکردنەوە بە ئینگلیزی، لەم پۆستەدا، ئاماژە بە چەند دانەیەکی گرنگ دەکەم، تەمەن باقی بێت، ئەوانی تریش باس دەکەین.
هەنگاوی یەکەم: “بیرکردنەوە لە وشەکان بە تەنیایی”
واتا: ناوی شتەکانی دەوروبەرت بە ئینگلیزی بڵێیت، ئەگەریش نەتزانی، لە فەرهەنگ بگەڕێ بۆیان، فێربوونی مانای وشەکان بە تەنیا بەس نییە، چەندە گرنگە بزانیت وشەکە مانای چییە، دوو ئەوەندەش گرنگە بزانیت کە وشەکە چۆن دەردەبڕدرێت، واتا شێوازی خوێندنەوەی وشەکەش دەبێت بزانیت.
هەر کاتێک لە هەر شوێنێک کاتت هەبوو، سەیری دەوروبەرت بکە، بزانە ناوی چەند لە شتەکانی دەوروبەرت بە ئینگلیزی دەزانیت، هاوکات هەوڵدە فێری ئەوانەش ببیت کە نایان زانیت.
بۆ ئەوەی ئەو وشانەی کە فێریان دەبیت بیرت نەچنەوە، دەبێت هەمیشە تێبینی و نیشانە بەکار بهێنیت جا لە ناو مۆبایلەکەت بێت یان لە ماڵەکەتدا، بۆ نموونە دەکرێت لەسەر دەرگای بەفرگرەکەتان، بە شێوەیەکی ڕێک و پێک ئەو وشانە بلکێنیت کە پەیوەندییان بە چێشخانە و ژوری نانخواردنەوە هەیە… یان تێبینی لەسەر ئاوێنەی گەرماوەکەت جێ بهێڵە و ئەو وشانەی لەسەر بنووسە کە پەیوەنددارن.
هەنگاوی دووەم: بیرکردنەوە لە ڕستەی سادە
ئەگەر ئاستی زمانت لە سەرەتادایە، هەوڵدە لە شتی سادە و باوی ڕۆژانەوە دەست پێ بکەیت، بۆ نموونە ڕۆژانە هەوڵبدە ڕستە بە “I am” دروست بکەیت، بۆ نموونە:
I am a teacher
I am happy
I am sad
I am hungry
ئینجا چەندە تاقەت و توانات هەبوو، ڕستە دروست بکە!
ئەگەریش دنیا بوو، هیچت بە خەیاڵدا نەهات، سەیری وێنەیەکی ناو مۆبایلەکەت بکە و هەوڵدە ڕستەی سادە دەرباری کەسەکان و شتەکانی ناو وێنەکە دروست بکەیت، بەم شێوەیە تۆ بەردەوام گەشە بە زمان دەدەیت و هەر ڕۆژەو هەنگاوێک دەچیتە پێش، بە شێوەیک ڕۆژێک دادێت کە ئەم ڕستانە دەبنە ئاو خواردنەوە بۆ تۆ، تۆش دەتوانی ڕستەی ئاڵۆزتر دروست بکەیت و وێنەکان لە شێوەی کورتە چیرۆک نیشان بدەیت.
هەنگاوی سێیەم: بیرکردنەوە لە گفتوگۆ
لەگەڵ خۆت قسە بکە و گفتوگۆی ژیان بکە، خەیاڵ بکە کە لەگەڵ کەسێکی تر قسە دەکەیت، پرسیار لە خۆت بکە و هەر خۆشت بیر لە وەڵامەکەی بکەوە.
ئەمە ڕێگەیەکی زۆر نایەبە بۆ ڕاهێنان و دەربڕینی ئەوەی کە لە ڕاستیدا پێویستە بیڵێیت، با نموونەیەکیت بدەمێ:
با بڵێین تۆ نەخۆشیت و پێویستە سەردانی دکتۆر بکەیت، دکتۆرە خەیاڵییەکە لەوانەیە بپرسێت:
چی تۆی هێناوە بۆ لای من؟
پێم بڵێ چیتە و کوێت دێشێ؟
لە کەیەوە وات لێ هاتووە؟
ئەی هیچ نەخۆشییەکی ترت هەیە؟
چۆن وەڵامی ئەم پرسیارانەی سەرەوە دەدەیتەوە؟
بیریان لێ بکەوە!
هەنگاوی چوارەم: بیرکردنەوە لە گێڕانەوە
قسەکەر یان چیرۆکبێژ (Narrator) کەسێکە کە چیرۆک دەخوێنێتەوە یان دەیگێڕێتەوە، لە پەرتوکەکاندا، ئەو بەشەیە کە هیچ گفتوگۆیەکی تێدا نییە و ڕونی دەکاتەوە کە چی ڕوودەدات، تۆش ببە بە چیرۆک بێژی ژیانی خۆت، وەکو ئەوەی کە ژیانت لە هەر ڕۆژێکدا فیلمێک بێت، ژیانی تەواوی ڕۆژەکەت وەکو چیرۆکێک بگێڕەوە، هەر کاتێک ئارەزوت کرد دەتوانی ئەم کارە بکەیت، دەتوانیت شەوان پێش ئەوەی بخەویت، ئەم کارە بکەیت، بۆ نموونە دەڵێیت:
“بەیانییە و هەستاوم لە خەو، هێشتا هەر لەناو جێگەکەم دام، دایکم بانگم دەکات بۆ نانی بەیانی، بەڵام خەو بەری نەداوم و هەر باوێشکم دێت، …”
ئەمە چوار هەنگاو بوون بۆ ئەوەی فێربیت بە ئینگلیزی بیربکەیتەوە، هیوادارم سوودی هەبووبێت بۆتان.
0 Comments