“بێگەردی و سادەیی دوو باڵن کە مرۆڤ بەسەر زەوی و سروشتی کاتیدا پێیان دەفڕێت.”

– تۆماس ئەی کێمپیس

سادەکردنی ژیانت خۆشبەختی و ئازادی و باڵانس بۆ ژیانت فەراهەم دەکات. کاتێک بڕیار دەدەین کە سادە بژین و ئەزموونی سوودەکانی بکەین، پرسیارێک دێتە ئاراوە کە بریتییە لەوەی “دەتوانم چی تر لە ژیانمدا بسڕمەوە تا سەرنجم زیاتر لەسەر شتە بنەڕەتییەکان بێت؟”
کاتێکیش توانیمان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، ئەو کات تێدەگەین کە چی لە ژیانماندا گرنگە.

چۆنیەتی سادەکردنی ژیانت

بەپێی ئەزموونی کەسیمان و گفتوگۆکانمان و تێڕامانەکانمان، ١٠ کاری زۆر گرنگت پێ ئاشنا دەکەین بۆ سادە کردنی ژیانت.

١. سامانەکانت یان خاوەندارییەتییەکانت – هەبوونی ماددەیەکی زۆر و سامان ژیانت زیاد لە پێویست ئاڵۆز دەکات، هەتا زیاد لەوەی کە پێویستە ئاڵۆز بێت. هەبوونی ئەو سامانە لە سەروەت و وزە و سەرنجیشت کەم دەکاتەوە. لەو کەسانەی خۆشمان دەوێن دورمان دەخاتەوە. ئەگەر وەبەرهێنان لە کاتدا بکەیت بۆ سڕینەوەی ناپێویستییەکانی ژیانت، ئەوا هەرگیز پەشیمان نابیتەوە و بەها دەگەڕێتەوە بۆ بەش و ئامرازەکانی تری ژیانت.

٢. پابەندبوونەکانی کاتت – زۆربەمان رۆژەکانمان پڕ کردووە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بە پابەندبوونی کات وەکو (کار، ماڵ، منداڵ، رووداوی کۆمەڵگە، ئاین، و خولیا…)، جا ئەم لیستە بەردەوام دەبێت و کۆتایی نایەت، بۆیە خۆت لەو پابەندییە کاتیانە ڕزگار بکە کە لەگەڵ باڵاترین بەهاکانی تۆدا ناگونجێن.

٣. ئامانجەکانت – ژمارەی ئامانجەکانت بۆ یەک یان دوو ئامانج کەم بکەوە. بە کەم کردنەوەی ئامانجەکانت، سەرنجی زیاتر لەسەر ئامانجەکە بەدەست دەهێنیت و ڕێژەی سەرکەوتنت بەرزتر دەبێت. لیستێک لە هەموو ئەو ئامانجانە دروست بکە کە دەتەوێت لە ژیانتدا بیانپێکیت، پاشان دوو گرنگترین ئامانج هەڵبژێرە، کە ئامانجی یەکەمت پێکا، ئامانجێکی ترت لە لیستەکە بۆ دوو ئامانجەکە زیاد بکە!

٤. هزرە نەرێنییەکانت – زۆرینەی هەستە نەرێنییەکان بە تەواوی بێ سوودن. ڕق و کینە و دڵ پڕی و توڕەیی و حەسوودی و هتد. هەرگیز کوالێتی ژیانی هیچ کەسێکیان باشتر نە کردووە. بەرپرسیارییەتی هزرت هەڵبگرە. جێگەی ئازارەکانی ڕابردوو و بیرە نەرێنییەکانت بە بیری ئەرێنی بگۆڕەوە.

٥. قەرزەکەت – ئەگەر قەرزدار بوون دەست و پێت دەبەستێت و ناڕەحەتی پێی، ئەوا کەمی بکەوە. ئەوە بکە کە پێویستە بیکەیت بۆ ئەوەی لە ژێرباری قەرزەکانت دەر بچیت. ئەو یارمەتییە بدۆزەوە کە پێوستتە و فێربە چۆن دەرباز بیت. خۆشگوزەرانی ئەمڕۆت لە پێناو ئازادی سبەیت بکە قوربانی.

٦. وشەکانت – وشەکانت کەم بکەوە. قسەکانت با ڕون و ڕەوان بن. ڕاستگۆ بە. ئەوە بڵێ کە مەبەستتە. واز لە زەم و زەمکاری بێنە.

٧. پێکهاتە دەستکردەکانت – واز لە چەوری و گەنم و دانەوێڵە و خوێ و ڕێژەی زۆری شەکر بێنە، یان لانی کەم کەمیان بکەوە. بە کەمکردنەوە یان وازهێنان لێیان، وزەت زیاتر و تەندروستییەکی باشتریش دەبێت. هەروەها تا پێت دەکرێت دەرمان بۆ نەخۆشی بەکار مەهێنە، ڕێگە بدە جەستەت بە سروشتی چارەسەری خۆی بکات.

٨. کاتت بە دیار شاشەوە – زیاتر لەوەی کە بیری لێ دەکەتەوە سەرنجت لەسەر تیڤی و فیلم و یاری ڤیدیۆیی و سۆشیاڵ میدیا و مودمین بوونت بە تەکنەلۆژیاوە کاریگەری لەسەر ژیانت هەیە. میدیا بەهاکانت ڕێکدەخاتەوە و نرخیان پێ دەبەخشێتەوە. ژیانت داگیر دەکات. کاریگەری قوڵ و گەورەی لەسەر ڕەفتار و شێوەی دەرکەوتنت دەبێت. زۆر بە داخەوە کە لەم جیهانەدا دەژیت بە هیچ شێوەیەک ناتوانیت تێبینی ئەوە بکەیت کە چەندە کاریگەری لەسەرت هەبووە. تاکە ڕێگە بۆ زانیری قەدری ئەم جیهانە و سوپاسکردنی، بریتییە لە هاتنە دەر لێی.

٩. پەیوەندییەکانت بە جیهانەوە – پەیوەندیت بە کەسانی ترەوە باشە، بەڵام دابڕانی بچوک و بەردەوام لێیان خراپە. فێربە کە مۆبایلەکەت بکوژێنییەوە. فەیسبووکەکەت دابخەیت یان پۆستێک/نامەیەک نەخوێنییەوە. سەرنج بخە سەر ئەو شتانە کە گرنگن نەک شت و رووداوە هەنووکەییەکان. بیرت نەچێت هەست بە گرنگی کردن و ئەنجامدانی کارە گرنگەکان دوو شتی تەواو جیاوازن.

١٠. فرە ئەرکی – توێژینەوەکان دەریان خستووە کە فرە ئەرکی هۆکاری زیادبوونی سترێس و کەمکردنەوە هێز و وزەی بەرهەمداربوونە. بۆیە کە بیری (یەک کار لە کاتێکدا) بۆتە هونەرێکی ونبوو، فێربە فێری ئەو هونەرە بیت. یەک کار لە یەک کاتدا بکە، و بە باشی بیکە، پاشان بچۆرە سەر کاری داهاتوو.

و. ئاگا ئیسماعیل
ن. جۆشوا بێکەر


Aga Ismael Abdalla

Aga Ismael Abdalla

4 Comments

Karwan · March 27, 2021 at 9:33 am

دەست خۆش بەھیوای کاری باشتر و بەددەوامی. ماندوو نەبن.

Zana · March 27, 2021 at 11:49 am

دەست خۆش هەر سەرکەوتو بیت ئینشەڵا.

    ئاگا ئیسماعیل · March 27, 2021 at 12:33 pm

    زۆر سوپاس بۆ خوێندنەوە و پاڵپشتیت ❤️

Leave a Reply

Avatar placeholder

Your email address will not be published. Required fields are marked *