یاری و چالاکی بەشێکی گرنگن لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی، بە تایبەت کاتێک خوێندکار؛ ئینگلیزی وەکو زمانی بیانی فێر دەبێت. یاری و چالاکی لەم جۆرەی کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەدەم، یارمەتیت دەدەن کە پۆلەکەت چێژبەخشتر بێت و زمانی ئینگلیزی ساناتر پشانی فێرخوازانت بدەیت، جگە لەمە، دەبێتە هۆکاری مانەوەی خوێندکاران لەگەڵت و بەردەوامیان لە فێربوونی زمانەکەدا، کە بۆ تۆی مامۆستا، ئەمە سەرکەوتن و دەستکەوتە!
یاری و چالاکی دەکرێت وەکو گەرمکردنی فێرخوازان لە پێش دەستپێکردنی وانە بەکاریان بهێنیت، یان لە ناوەڕاستی وانەدا بەکاریان بهێنیت کاتێک هەست دەکەیت کە خوێندکاران بێزار بوونە یان ماندوو بوونە یانیش وانەکە وشک و بێزارکەرە. دنیایە ئەگەر وانەکەت تەواو بوو بوو و کاتیشت مابوو، نەکەی خوێندکارانت ئیزن بدەیت، ڕێک یارییەک یان چالاکییەکیان لەگەڵ بکە.
بە دڵنیاییەوە هەزاران یاری و چالاکی جۆراوجۆر هەیە کە دەتوانی سوودی لێ ببینیت، بۆ نموونە دەتوانیت بەم یاریانە خوێندکارەکانت تاقی بکەیتەوە لەو وشانەی کە فێرت کردوونە، یان بۆ ڕاهێنانی قسەکردن بەکاریان بهێنیت، یانیش لە فێرکردنی ڕێزمان و بابەتەکانی تردا سوودیان لێ ببینیت.
ئامادەکردنی یاری و چالاکی لەم شێوەیە، وا دەکات مامۆستا دڵنیا بێت کە ئامادەیە وانەکەی بە شێوەی پێویست بڵێتەوە و هەست بە دڵنیاییەکی زیاتر دەکات. لە کاتی ئەنجامدانیشیان، ئاساییە تۆزێک کۆنتڕۆڵی پۆل لە دەست بدەیت، لە کاتێکدا کۆنترۆڵکردنەوەی کڵاسەکە بۆت کارێکی ئاسانە.
جا با ئەوجار بچینە سەر چالاکی و یارییەکان:
- Board Race
- Call My Bluff / Two Truths and A Lie
- Simon Says
- Word Jumble Race
- Hangman
- Hot Seat
١. Board Race
ئەم یارییە بۆ پێداچوونەوەی وشەکان بەکار دێت، جا وشەی ناو وانەکە بێت یان ئەو وشانەی کە تا ئێستا فێرت کردوونە. هەروەها دەتوانی بۆ چالاککردنی فێرخوازان لە سەرەتای وانەدا بەکاری بهێنیت. بەدەر لەمە، دەتوانیت بۆ هەڵسەنگاندنی زانیاری خوێندکارانت لەسەر بابەتی دیاریکراو، بەکاریبهێنیت.
ئەمە یارییە بە ٦ خوێندکار یان زیاتر دەکرێت، هەتا زیاتریش بێت باشترە.
- بۆ؟ پێداچوونەوەی وشەکان و ڕێزمان
- بۆ کێ باشە؟ بۆ هەموو ئاست و تەمەنێک گونجاوە
چۆنیەتی ئەنجام دان:
١. پۆلەکەت بکە بە دوو تیم و هەر تیمێک ماجیکێکی ڕەنگداری بدەیە.
٢. ئەگەر پۆلەکەت زیاتر لە ١٥ خوێندکاری تێدایە، باشتر بیکەیتە ٣ تیم یان زیاتر.
٣. هێڵێک لە ناوەڕاستی تەختە سپییەکە بکێشە، و ناوی بابەتێک لە سەرەوەی بۆردەکە بنووسە.
٤. خوێندکاران دەبێت چەند وشەی پەیوەندار بە بابتەکەوە دەزانن، بینووسن، یەک لە دوای یەک و بەشێوەی پێشبڕکێ.
٥. هەر وشەیەکی ڕاست، خاڵێکی لەسەرە. هەر وشەیەک کە نەخوێندرێتەوە یان رێنووسی هەڵە بێت، خاڵی بۆ هەژمار ناکرێت.
٢. Call My Bluff / Two Truths and A Lie
ئەمە یارییەکی زۆر خۆشە، دەتوانی لەسەرەتای ساڵ/خول بەکاری بهێنیت، چونکە یارمەتیدەرە کە خوێندکاران یەکتر بە باشی بناسن. بۆ پۆلێک کە ژمارەی خوێندکارانی کەمە، زۆر گونجاوە. ئەم یارییە بۆ ڕاهێنانی قسەکردن زۆر باشە، بەڵام بیرت بێت تەواوی کاتەکەی بۆ تەرخان نەکەیت، چونکە دەبێت تۆ وەکو مامۆستا هەوڵ بدەیت هەڵەکانیان لە کاتی قسەکردندا بنووسیت و دوای بۆیان ڕاست بکەیتەوە. بەڵام تکایە لە پرۆسەی یارییەکەدا، کاتێک کە خوێندکاران قسە دەکەن، ئەگەر هەڵەشیان کرد، هەوڵمەدە بیان پچڕێنیت بە ڕاستکردنەوە هەڵە.
- بۆ؟ ڕاهێنانی قسەکردن
- بۆ کێ باشە؟ بۆ هەموو ئاست و تەمەنێک گونجاوە، بەڵام لەگەڵ خوێندکارانی سەروو تەمەن ١٨ ساڵ گونجاوترە.
چۆنیەتی ئەنجام دان:
١. سێ ڕستە دەربارەی خۆت لەسەر بۆردەکە بنووسە. دوو ڕستەی ڕاست و دانەیەکی ناڕاست. ئاگاداربە، مەبەستم ڕاستی و ناڕاستی لە ڕوی مانا، ڕێزمان یان هەر بابەتێکی تری زمانەوانی نییە، بەڵکو ٢ ڕاستی و درۆییەک.
٢. پاشان ڕێگە بە خوێندکاران بدە کە پرسیارت لێ بکەن و تۆش وەڵامیان بدەوە، ئەوانیش دەبێت پیشبینی درۆکە بکەن.
٣. ئەگەر توانیان پێشبینی بکەن، ئەوا براوەن.
تێبینی: ڕێگە بدە خوێندکاران پیش دەستپێکردنی یارییەکە، لەسەر پارچە کاغەزێک دوو درۆ و ڕاستییەک بنووسن. هەوڵبدە پرسیارەکان بە بەڵێ یان نەخێر وەڵام بدرێنەوە، دەنا چێژی یارییەکە کەم دەکاتەوە.
٣. Simon Says
ئەم یارییە بۆ منداڵان زۆر گونجاوە. دەتوانیت لە دەوامی بەیانیان بەکاری بهێنیت کە دەزانی منداڵەکان خەواڵوون یان بێ تاقەتن.
- بۆ؟ ڕاهێنانی گوێگرتن، فێربوونی وشە، گەرمکردن
- بۆ کێ باشە؟ بۆ منداڵان
چۆنیەتی ئەنجام دان:
ئەگەر دەزانیت یاری مام سلێمان بکەیت، ئەوەش هەمان شتە و بەس ناوەکە بۆتە سایمۆن.
٤. Word Jumble race
ئەمە یارییەکی زۆر ناوازەیە بۆ هاندانی خوێندکاران کە بەشێوەی تیم کار بکەن و هەستی پیشبڕكی بۆ ناو پۆل دروست بکەیت. گرنگ نییە تەمەنیان چەندە، خوێندکار هەمیشە حەزی لە پیشبڕکێ هەیە و ئەم یارییەش لەگەڵ هەموو تەمەنێک دەگونجێت.
- بۆ؟ ڕێزمان، ڕێزبەندی وشەکان، ڕێنووس، ڕاهێنانی نووسین
- بۆ کێ باشە؟ بۆ هەموو ئاست و تەمەنێک
چۆنیەتی ئەنجام دان:
١. چەند ڕستەیەک بە ڕەنگی جیاواز بنووسە، ژمارەی ڕستەکان دەکەوێتە سەر ژمارەی خوێندکارانت لە پۆلدا، ژمارەی ڕستەکان دیاری بکە.
٢. پاشان ڕستەکان پارچە پاڕچە بکە و بیانخە ناو پەرداخێک یان دەفرێک یان هەر شتێک کە بەردەست بوو.
٣. پۆلەکەت بەسەر چەند تیمێکدا دابەش بکە. وریابە کە ڕستەکان بەشی تیمەکان بکەن. پێم باشە هەر تیمێک ٢ یان ٣ ڕستەی بەر بکەوێت.
٤. داوا لە خوێندکاران بکە کە ڕستەکان ڕێک بخەنەوە.
٥. کام تیم پیش هەموویان هەموو ڕستەکانی ڕێک خستەوە، ئەوا براوەیە.
٥. Hangman
ئەم یارییە بۆ زۆرێک لە خوێندکاران خۆشە، بەڵام لە پێنج خولەک زیاتر بخایەنێت، کەسیان تاقەتیان لێی نامێنێت. جا دەتوانیت ٥ خولەکیی سەرەتا یان کۆتا ئەنجامی بدەیت. بۆ ئەم یارییە زۆر گرنگ نییە کە چەند خوێندکار لە پۆلدا هەیە.
- بۆ؟ گەرم کردن، کۆتایی هێنان
- بۆ کێ باشە؟ منداڵان و هەرزەکاران
چۆنیەتی ئەنجام دان:
١. بیر لە وشەیەک بکەوە و بزانە چەند پیتە. چەند پیت بوو، ئەوەندە داشە لەسەر بۆردەکە بکێشە، داشەکان دەرخەری ژمارەی پیتەکانی وشەیەیە کە بیرت لێ کردۆتەوە.
٢. داوا لە خوێندکاران بکە کە پێشنیاری یەکێک لە پیتەکان بکەن. ئەگەر پیتەکە لە وشەکەدا هەبوو، لە شوێنی ڕاستی خۆی بینووسە. بەڵام ئەگەر پیتەکە لە وشەکەدا نەبوو، دەستبکە بە کێشانی پیاوێکی هەڵواسراو. سەیری ئەم وێنەی خوارەوە بکە ئەگەر هیچ بیرۆکەیەکت نییە لەسەر کێشانی پیاوە هەڵواسراوەکە.
٣. بەردەوام بە تا خوێندکاران وشەکە دەزانن، ئەگەر نا، بەردەوامبە لە دروستکردنی پیاوە هەڵواسراوەکە.
٦. Hot Seat
ئەمەش یارییەکی ناوازەیە، کە یارمەتی خوێندکار دەدات گەشە بە کارامەیی قسە کردن و گوێگرتنی بدات. جگە لەمە، یارمەتیان دەدات کە وشەی زیاتر و نوێ فێربن و بتوانن بەکاریان بهێنن.
- بۆ؟ وشەکاری، قسەکردن و گوێگرتن
- بۆ کێ باشە؟ بۆ هەموو ئاست و تەمەنێک
چۆنیەتی ئەنجام دان:
١. پۆلەکەت دابەش بکە بەسەر دوو تیمدا، یان زیاتر. ئەمە بەپێی ژمارەی خوێندکاران لە پۆلدا دەگۆڕێت.
٢. لە تیـمێک خوێندکارێک بهێنە بەردەم بۆردەکە و وا بکە پشتی لە بۆردەکە بێت.
٣. وشەیەک لەسەر بۆردەکە بنووسە.
٤. هاوڕێیانی خوێندکار لە هەمان تیم، دەبێت یارمەتی بدەن کە بزانێت وشەکە چییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێت خودی وشەکە یان ڕێنووسەکەی بڵێن، و هەروەها ناشتوانن کە ئاماژە بۆ وشەی نووسراو بکەن جا بە هەر شێوەیەک بێت.
٥. بەم شێوەیە بەردەوام بە تا هەموو خوێندکاران لە تیمەکاندا بەشداری دەکەن.
0 Comments