لەبەرئەوەی دەکرێت هەموو خولەکێک بۆ ئێمە دەستپێکی ساڵێکی تازە بێت و ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوە و، بڕیاری گۆڕانکاری بدەین، کۆشش بۆ خەونەکانمان بکەین، بەردێک بخەینە سەر بەردێک لە دیواری ژیاندا، سەر بەرز بین و ڕوومان هەبێت کە مردین داستانی ژیانمان بگێڕینەوە، بۆیە شاگەشکە بوون و خەنی بوون و دانانی کۆمەڵێک یاسای پڕوپووچ بۆ ژیانت بەبۆنەی ساڵێکی نوێ لە ڕۆژمێردا، هیچ مانایەکی نییە و تەنها خۆفریوییە!
خۆ ئێمە دەمانتوانی دوێنێ دەست بە گۆڕانکاری ناو ژیانمان بکەین و سبەی ئەنجامەکەی ببینین، نەک بوەستین تا ١-١ هەر ساڵێک. بۆیە پێموایە ئێمە خۆمان بە شایەنی چی بزانین هەر ئەوەیە بەشمان لە ژیان و بە قسە و وتەی باق و بریق هیچ لە مەوزوع ناگۆڕێت!
جا ڕوحەکەم، زۆرگوتن بەس کەلامی خوای خۆشە، بەڵام تۆ ئەگەر خۆت بە شایەنی زیاتر دەزانی لەوەی کە ئێستا هەتە، لەوەی کە ئێستا تێیدایت، کات و سات و ڕێکەوت بایەخێکیان نییە. گرنگە کە ئێمە واز لە زبڵدانی سۆشیاڵ میدیا و مەزهەلەی سیاسەتی کوردی بهێنین! فێربین نەبین بە خەبیر و شیکەرەوەی هەموو بابەتێک! ئاخر کاکە مەعقول نییە برادەرم هەیە، سوێندتان لەسەرم نییە دەنا سوێندم بۆ دەخواردن، لەسەر هەموو بابەتێکی ئەم ڕۆژگارە، بەچەپ و ڕاست قسە فڕێ دەدات، ئیتر قسەی بەلاش و کۆپی لەسەر مار و مێروو دەکات! جارێکیان پۆستێکی کۆپیکراوی هێنابوو، خەڵکیش بۆی نووسیبوو “هەر بژی، جوان تێی گەیشتووی”، ئەویش سوپاسی دەکرن وەکو ئەوەی ئەو خاوەنی ئەو وشە و بیرەیە! جا من پێمناخۆش نییە کە پۆست دەکات، دڵگرانم لە بەتاڵی مەعدەنی ئەو جۆرە مرۆڤانە و بەداخم بۆ کۆمەڵێک کە خۆش خۆش باوەڕ دەکەن.
جا زۆر سەرتان نەیەشێنم و منیش نەبمە پڕۆفیسۆر لێتان، گرنگ ئەوەیە تۆ هەنگاو بنێی و لەخەمی خۆت بیت، چیتر نەیهێنی و نەیبەی… هەڵبەتە ئەگەر خۆت بە شایەنی ئەو خەیاڵانە دەزانی کە هەتن… جا ئێستاش زۆر لە دوو چووان نەچی باشە و، دەکرێت ئێستا بڕیاری هەنگاونان بدەیت. ئێستا بۆ تۆ دەبێتە سەرەتایەکی فرێش. هەلێکە بۆ بیرکردنەوە لە ڕۆڵی خۆت و دیارکردنی ڕێگەی داهاتووت.
تکایە سەراوبن حاڵی مەبن و مەبەستم نییە بڵێم کە پێویستە تەنها لە خەم باشەی خۆتدا بیت و سێڵف-سێنتەرد بیت، یانیش دژی ئاهەنگگێڕان و دەربڕینی خۆشی و شادی بم، بەڵکو بەپێچەوانەوە.
هەر بمێنن…
0 Comments