سەرەتا پێش ئەوەی دەست پێ بکەم، پێمباشە بزانیت کە ڕشتەی مرواری چییە و کێ دانەرییەتی.

عەلائەدین سەججادی بە گەڕانەوە بۆ ناسنامە نیشتمانییەکەی لە ساڵی ١٩٠٧ لە گوندی باراوی لای ناوچەی بەرزنجە لە دایک بووە. هەرچەندە کۆمەڵێک سەرچاوەی تر هەن کە شوێنی لەدایکبوونی لە شاری سنە دیاری دەکەن. عەلائەدین سەججادی لە ساڵی ١٩٢٢ بە مەبەستی خوێندنی ئاینی هاتۆتە سلێمانی و، دواتر لەسەر دەستی شێخ بابە عەلی تەکێ مۆڵەتی مەلایی وەرگرتووە. ڕشتەی مرواریش یەکێکە لە بەرهەمە ناودارەکانی ئەم نووسەرە و لەمەڕ زۆر شتی جۆراوجۆر دواوە.

جا بۆ ئەوەی زۆر سەرتان نەهێشنم، نووسەر بەم شێوەیە باسی ناوی ڕۆژ و مانگەکانی کوردی کردووە.

کورد وەکوو ناوی ڕۆژەکانی هەیە ناوی مانگ و ساڵی مێژوییشی هەیە، لەگەڵ چوار وەختەدا، ئەوەندە هەیە ناوی مانگەکان لە هەر شوێنێک لە وڵاتی کوردەواری جۆرە ناوێکیان هەیە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ پارچەیەک نییە لەسەر شتێک پەکی کەوتبێ، تەنها ماوەتەوە سەر ئەوەی کە دەستی خزمەت و دەستی نووسینیان بۆ درێژ بکرێ بۆ ئەمە لەوە زیاتر ون نەبن. من بەپێی توانا کۆششم کرد بۆ کۆکردنەوەیان، ئەوانەی کە لە هەر جێگایەکا تەنها ئەو مانگانە ئەناسن، من هێناومن بۆ ئەوەی هەموو وڵاتی کوردەواری شارەزای هەموو ئەو ناوانە ببن، خستمنە سەر لاپەڕەی ئەو قاقەزە بەپێی هەر چوار وەختەکە، لە ناو ئەمانەدا دوانزە ناوم هەڵبژارد و کردمن بە بناغە بۆ هەر دوانزە مانگەکە کە بەتەواوی بۆ هەموو کەس دەربکەون.

ناوی ڕۆژەکانی هەفتە: شەنبە، یەکشەنبە، دووشەنبە، سێشەنبە، چوارشەنبە، پێنجشەنبە، هەینی (جومعە).

نای مانگەکان بەپێی کەژەکانیان:

ناوەکانی مانگەکانی بەهار:

١. ئاخەلێوە، نەورۆز، خاکەلێوە، دارپشکێو، هەرمێ پشکێو، هەرمێ پشکوان.

٢. گوڵان، شەستەباران، هیلانەمە، بانەمەڕ.

٣. جۆزەردان، بەختەباران، بارانوشان، بارانبڕان، کەوبەدار.

ناوەکانی مانگەکانی هاوین:

٤. پووشپەڕ، پووشکاڵ، جۆخینان، زەخیران، خەزیران، کردارەمانگ.

٥. خەرمانان، تیرمە، میوەگەنان.

٦. گەلاویژ، تەباخ.

ناوەکانی مانگەکانی پاییز:

٧. گەڵاڕێزان، داروەر، ئیلۆن

.٨. خەزەڵوەر، باران پەڵە، چریە یەکەم.

٩. سەرماوەز، گردوز، بەروبەز، چریە دووەم.

ناوەکانی مانگەکانی زستان:

١٠. بەفرانبار.

١١. ڕێبەندان، ڕێبەنان، چلەشۆر.

١٢. ڕەشەمە، نەورۆزمانگ، میشپەڕ.

ناوی ئەو مانگانەی کە نووسەر وەکو بناغە هەڵیبژاردوون:

١. ئاخەلێوە

٢. گوڵان

٣. جۆزەردان

٤. پوشپەر

٥. خەرمانان

٦. گەلاوێژ

٧. گەڵاڕێزان

٨. خەزەلوەر

٩. سەرماوەز

١٠. بەفرانبار

١١. ڕێبەندان

١٢. ڕەشەمە

تێبینی: تا ئێستا ئەوەی من لە لە سەرچاوەکان دۆزیبێتمەوە و، بەرچاوم کەوتبێت، گەلاوێژ بە مانگی شەشەم دانراوە، بەڵام هەندێک سەرچاوەی تریش هەن، وەکو هەنبانە بۆرینە، دەڵێن مانگی پێنجەمە و، خەرمانان مانگی شەشەمە. ئەگەر ئێوەش شتێکی بخەنەسەر خراو نابێ.


Aga Ismael Abdalla

Aga Ismael Abdalla

0 Comments

Leave a Reply

Avatar placeholder

Your email address will not be published. Required fields are marked *