بە کورتی:
لەم وتارەدا، باسی بەکارهێنانی نەرمەکاڵا و ئەپڵیکەیشن و پەڕگە (فایل) و بابەتە دزراو و کڕاککراوەکان دەکەم، وەکو داگرتن و دامەزراندن و بەکارهێنانی (مایکرۆسۆفت ئۆفیس، بەرهەمەکانی ئەدۆبی، مایکرۆسۆفت ویندۆز، پەڕگەی دیزاین، دەنگ و ڕەنگاڵەی مۆنتاژ و دەستکاریکردنی دەنگ، هاکی یارییە ئەلیکترۆنییەکان و وەرگێڕانی پەرتوک و هتد.). جا ئەگەر حەزت لێیە بزانیت حەرامە یان حەڵال، ئەوا بەردەوام بە لە خوێندنەوە.

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
سەلام و بەزەیی و بەرەکەتی ئافرێنەری مەزن بڕژێ بەسەرتاندا.

هاوڕێیانی ئازیز، بە هیوام هەموو لایەکتان شاد و تەندروست باش بن. لەم بابەتەدا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر حەرامی و حەڵاڵی بەکارهێنانی نەرمەکاڵای (بەرنامەی – ئەپڵیکەیشنی) دزراو، واتا کڕاککراو. جا لێرە مەبەستم لە نەرمەکاڵا یان ئەپ یان بەرنامە بریتییە لە هەر شتێکی ئەلیکترۆنی، بە نموونە پەڕگەی (فایل)ی دیزاین، دەنگ و ڕەنگ و وێنەی تایبەت بە دەستکاریکردنی دەنگ و ڤیدیۆ، یارییە ئەلیکترۆنییەکان و هاکەکانیان، و هتد..

لە بنچینەدا، ئیسلام دژێ هەموو کار و کردەوەیەکە کە ببێتە مایەی زیان و حەرامی بۆ هەر تاکێک. ئەم کارەش بە چەتەیی یان جەردەیی ناونراوە. چەتەیی یان جەردەییش بریتییە لە دزینی ئەو بابەت و ناوەڕۆکانەی کە خەڵکانی تر دروستی کردوون. لە جۆرە کارەدا، یەکێک هەڵدەستێت بە بەکارهێنانی شتێک بەخۆڕایی کە دروستکەرەکەی؛ هەوڵ و ماندووبوون و کات و سامانێکی زۆری تێدا خەرج کردووە تاکو گەیاندوویەتی بەم ڕۆژە. بەداخەوە، زۆرینەی خەڵک، بە زۆرینەی موسڵمانەکانیشەوە، هیچ کێشەیەک لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە چەتەییەدا نابینین، ئەمە لە کاتێکدایە کە یاسای “مافی لەبەرگرتنەوە و پاراستنی موڵک” کار دەکات بۆ پاراستنی ماڵ و سامانی وەبەرهێن یان خاوەن.

هەر چەندە بیروڕای جیاواز هەیە سەبارەت بە کاریگەری بەکارهێنانی نەرمەکاڵای دزراو لەسەر لایەنی ئابووری خاوەنەکەی، واتا هەندێک خەڵک دەڵێن داگرتن و دامەزراندن و بەکارهێنانی ئەو جۆرە نەرمەکاڵایانە هیچ زیانێک بە ئابووری خاوەنەکەی ناگەیەنێت، بەڵام ئەگەر هیچ زیانێکی ماددیشی نەبێت، لەبەرگرتنەوەی یان بەکارهێنان یان بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەم و بابەتانەی کە مۆڵەتی بڵاوکردنەوەیانت نییە، هێشتا لە ئیسلامدا ڕێگەی پێ نەدراوە، بە بەڵگەی قورئانی پیرۆز، کە ئافرێنەری مەزن و میهرەبان (الله)، لە قورئانی پیرزۆدا، دەفەرموێت:

وَلَا تَأْكُلُوا أَمْوَالَكُم بَيْنَكُم بِالْبَاطِلِ وَتُدْلُوا بِهَا إِلَى الْحُكَّامِ لِتَأْكُلُوا فَرِيقًا مِّنْ أَمْوَالِ النَّاسِ بِالْإِثْمِ وَأَنتُمْ تَعْلَمُونَ

سوڕەتی بەقەڕە (مانگا)، ئایەتی ١٨٨

واتا:

نەکەن ماڵ و دارایی یەکتر لە نێوانتاندا بە ناحەق بخۆن (وەک بەرتیل و سوو، یان داگیرکردن و فڕوفێڵ…) نەکەن هەندێکی بدەن بە کاربەدەستان بۆ ئەوەی هەندێک ماڵی خەڵکی بخۆن لە ڕێگەی ناحەق و گوناهەوە، لە کاتێکدا خۆشتان دەزانن کە ئەو کارە ڕەوا نییە.

تەفسیری ئاسان

هەروەها، پێغەمبەرمان، موحەممەد، دروود و سەلامی خوای لێ بێت، نەهی کردووە لە دزین و دەستبەسەردا گرتنی ماڵی هەر تاکێک، بێ گوێدانە ڕەنگ و ڕەگەز، بێ گوێدانە ئەوەی کە باوەڕدارە یان بێ باوەڕ.

دکتۆر زاکیر نایک، لە ڤیدیۆیەکدا، باسی ئەم بابەتە دەکات و، بەتەواوی بەکار‌‌هێنانی بە حەرام دەزانێت، هەروەها دەڵێت بەپێی (ئەنجومەنی فیقهی یەکێتی جیهانی موسوڵمانان لە مەککە و ئەنجومەنی فیقهی جیدە‌) ئەگەر هەر بابەتێک مافی لەبەرگرتنەوەی پارێزراو بوو، یان کۆپی ڕایتی هەبوو، بەکارهێنانی بەشێوەیەکی کڕاککراو یان دزراو بە هەموو شێوەیەک حەرامە تەنانەت ئەگەر بۆ مەبەستی کەسی و پەروەردە و فێرکردنیش بێت. کرتە بکە بۆ بینینی ڤیدیۆکە.

لەسەر ماڵپەڕی ئیسلام وێب(دۆت)نێت، پرسیارێک کراوە دەربارەی ئەم بابەتە و کارکردن کە لە کۆمپانیایەک کە نەرمەکاڵای کڕاککراو بەکاردەهێنیت، لە وەڵامدا، پێی گوتراوە کە دوور بکەوێتەوە لەو کار و کۆمپانیایانە ئەگەر بزانێت نەرمەکاڵا یان هەر بابەتێکی تری دزراو بەکار دەهێنن.

لە ڤیدیۆیەکی تردا، شێخ عاصم الحکیم، باسی ئەم بابەتەدا دەکات و دەڵێت زۆرینەی زانایانی ئیسلام کۆکن لەسەر ئەوەی کە بەکارهێنانی نەرمەکاڵای دزراو حەرامە و قەدەغە کراوە، بێ گوێدانە ماڵ و سامانی خاوەنەکەی، واتا ئەگەر خاوەنەکەی تاکە کەسێک بێت یان کۆمپانیایەکی گەورەی وەکو مایکرۆسۆفت. کرتە بکە بۆ بینینی ڤیدیۆکە.

هەروەها هەندێک زانای تر هەن کە لە چەند بارودۆخێکدا، ئەم کارە بە ڕەوا دەزانن، بۆ نموونە کاتێک هیچ کۆپییەکت لە پڕۆگرامەکە یان پەڕگەکە دەست نەکەوێت بیکڕیت، یانیش ئەگەر تەنها بۆ مەبەستی کەسی خۆت بەکاری بهێنیت و پارەی پێ پەیدا نەکەیت و بازرگانی پێوە نەکەیت و بڵاوینەکەیتەوە. کرتە بکە بۆ بینینی ئەم وەڵامە (پەرەگرافی دووەم).

دەبێت ئەوەش بزانین کەسێک کە ئەپەکە یان دانە ئەلیکترۆنییەکە دەدزێت و بڵاوی دەکاتەوە، جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەو کەسەی کە تەنها دایدەگرێت و بەکاری دەهێنیت و هیچ نیازێکی زیان گەیاندنی نییە، بەڵام ئەمەش لە کاتێکدا ئەگەر بزانیت ئەمە بەرنامەیە دزراوە، ئەوا قەدەغە کراوە دایبگریت و بەکاری بهێنیت چونکە ئەم بەکارهێنانەی تۆ دەبێتە هاوکاری تاوانباران.

هەڵبەتە ئەم بابەتە تەنها لایەنی تەکنەلۆژی ناگرێتەوە، بەڵکو لایەنی ئەکادیمی و فێربوون و ئەدەبیش دەگرێتەوە، بە ڕای زۆرینەی زانایان، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەت پێ نەدراوە کە بابەتێک کە خاوەنەکەی ڕێگەی پێت نەداوە، بەکار بهێنیت، بۆ نموونە ناتوانین وەرگێڕان بۆ ڕۆمانێک بکەیت ئەگەر مافی وەرگێڕان لە چاپخانەکەی یان نووسەرەکەی وەرنەگرین.

چارەسەر چییە ئەگەر بەکارهێنان حەرام بێت و نەتوانین پارەکەی بدەین؟

وەڵام:

  • بەکارهێنانی بەرهەمە سەرچاوە کراوە و خۆڕاییەکان
  • بەکارهێنانی وەشانی خۆڕایی بەرهەمەکە
  • گەڕان بەدوای جێگرەوەیەکی بەرهەمەکە کە خۆڕایی بێت یان هەرزانتر بێت

واتا دەتوانیت لە جێگەی هەر یەک لە نەرمەکاڵا بە پارەکان، جێگرەوە خۆڕاییەکانیان بەکار بهێنیت، وەکو:

  • دابەشکراوەیەکی لینوکس لە جێگەی ویندۆز (بۆ نموونە ئوبونتو)
  • لیبرە ئۆفیس یان گوگڵ دۆکس لە جێگەی مایکرۆسۆفت ئۆفیس
  • گیمپ یان کریتیا لە جێگەی ئەدۆبی فۆتۆشۆپ
  • ئینک-سکەیپ لە جێگەی ئیڵوسترەیتەر
  • دارکتەیبڵ یان لایتزۆن لە جێگەی لایتڕوم
  • شۆتکەت بۆ مۆنتاژی ڤیدیۆ
  • ئۆداستی لە جێگەی ئۆدیشن
  • فری کاد یان لیبرە کاد لە جێگەی ئۆتۆ کاد
  • بلێندەر لە جێگەی مایا یان ٣دس ماکس
  • وەیڤ لە جێگەی کویک-بوکس
  • ترێڵۆ لە جێگەی بەیسکاپ یان ئاسانا
  • بۆ ستریم و تۆمارکردنی شاشە، obs بەکار بهێنە
  • هەروەها چەندین نەرمەکاڵای تری بەهێز و خۆڕایی هەیە…

تکایە ئەگەر لە شوێنێک هەڵە هەبێت، لە کۆمێنت بینووسە و، ئاگادارم بکەوە، بۆ ئەوەی ڕاستی بکەمەوە. ان شاء اللە خوا لە هەڵە و تاوانەکانمان خۆش دەبێت و یارمەتیمان دەدات کە ڕێگەی ڕاست و دروست بدۆزینەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێن، هەر خوا زانایە و ئێمە هیچ نازانین.


گوڵانی ١٧٢٢ی کوردی
ڕەمەزانی ١٤٤٣ی هیجری
ئەپڕێڵی ٢٠٢٢ی زاینی


Aga Ismael Abdalla

Aga Ismael Abdalla

1 Comment

کاروان رسول · April 19, 2022 at 10:45 am

دەست خۆش براکەم بابەتێکی زۆر پێویستبوو کە ڕوونکردنەوەی لەسەر بدرێت. ھیوام بەردەوامی و سەرکەوتنتە.

Leave a Reply

Avatar placeholder

Your email address will not be published. Required fields are marked *